دەزگای ئاسایشی هەرێم: هێزەکانمان تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکرد و پاشان ڕادەستی دادگای ئەنبار دەکەن

هەولێر – نۆڕس پرێس

بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەکانیان تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردووە و پاش لێکۆڵینەوەش ڕادەستی دادگای ئەنبار دەکرێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بەدواداچون، بەهاوکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، زانیاری لەسەر تیرۆریستێکی داعش بەدەستهاتوون کە تیرۆریستەکە لە دادگای ئەنبار داواکراوە و بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕووی کردووەتە سنوری پارێزگای هەڵەبجە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای چاودێریکردن و ئاشکراکردنی شوێنی مانەوەی، شەوی 29ی ئەم مانگە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەڕاسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزور تۆمەتبار دەستگیرکراو پاش لێکۆڵینەوە ڕادەستی دادگای ئەنبار دەکرێتەوە.