هەولێر- نۆرس پرێس
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، قەبارەی زێڕی کەڵەکەبوی خەڵک و ئەو زێڕەی کە ساڵانە دێتە نێو عێراق دەگاتە 50 تۆن زێڕ.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، خێزانە عێراقییەکان لە ماوەی سەدەی رابردوودا (زێر و خشل و گەوهەر) و سەروەت و سامانی جۆراوجۆریان لەدەستدا، وەک چۆن زێڕ لەو سەردەمەدا لە ژێر قورسایی سەختییەکانی ژیانی ئابوریدا بەکاردەهێنرا بۆ گۆڕینەوەی بە ئامڕازەکانی بژێوی ژیان.
لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا زێڕ بۆ ئاڵوگۆڕکردن و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەبرایە دەرەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی زێڕی دەست بەسەرداگیراو لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودایە کە وەک ئامڕازێک بۆ ئاڵوگۆڕکردن و پێداویستییە سەرەتاییەکان براوەتە دەرەوەی وڵات، ئەمە جگە لە لەدەستدانی یەدەگی فەرمیی وڵات لە زێڕ و دراوی بیانی.
راوێژکارەکەی سودانی وتیشی، گەشەسەندنی بارودۆخی ئابوری ئەرێنی وڵات لە دوای ساڵی 2003 و ڕۆیشتنی داهاتی نەوت و سەرچاوەکانی تر لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا، بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی سامانی زێڕ و خواست لەسەری، لە ئێستادا تێکڕای هێنانی زێڕ بۆ عێراق ساڵانە دەگاتە 50 تۆن.