ئەمریکا دوو کۆمپانیا و 3 کەسایەتی سوریی خستە ژێر سزاکانی سیزەر

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ سێشەممە، 30ی ئایاری 2023، ئەمریکا سزای نوێی بە پێی یاسای سیزەر (قەیسەر) پەیوەست بە سوریا سەپاند و دوو کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و سێ کەسی دیکەی کردە ئامانج.

یاسای “قەیسەر”ی ئەمریکی لە ساڵی 2020ەوە کۆمەڵێک سزای توند بەسەر سوریادا سەپاندووە، کە ژمارەیەک کەس و بەرپرس و بازرگانیان لەخۆگرتبوو کە هاوکاری حکومەتی دیمەشق دەکەن، لەنێویاندا کەسایەتییەکانی دەرەوەی سوریا.

گەنجینەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر هەردوو کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو (فازل و ئەدهەم)دا سەپاندووە، کە بنکەکەیان لە دیمەشقن”.

لە بەیاننامەیەکەی گەنجینەی ئەمریکادا، ئاماژە بەوە کراوە، ئەو دوو کۆمپانیایە بە نهێنی هاوکاری حکومەتی سوریا، حیزبوڵایی لوبنانی و هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردوون بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر ئەو هێزانە و گەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سزاکان سێ برای لەخۆگرتووە کە خاوەنی کۆمپانیای (فازل)ن، ئەوانیش بریتین لە (فازل بەلەوی، موتیع بەلەوی و محەمەد بەلەوی).

هەر لەو چوارچێوەیەدا، برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی رایگەیاند، “رژێمی ئەسەد بەردەوامە لە پشتبەستن بە فێڵکردن بۆ پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سوریا “بەردەوامە لە پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی گەلی سوریا”.

نێڵسن چەختیکردەوە کە “ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە فشار خستنەسەر حکومەتەکەی ئەسەد بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکان کە بارودۆخی ئەو کەسانەی لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەددا دەژین باشتر بکرێت هەروها لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکرێت کە هاوکاری رژێم دەکەن دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی ئەسەد بە بەردەوام ستەمکاری لە گەلەکەی بکات.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کە واشنتۆن ئەم سزایانە بەسەر “دوو کۆمپانیای سوری و 3 کەس بە پێی یاسای قەیسەر” دەسەپێنێت.