لە سەرێ کانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستدرێژیان کردە سەر ژنێکی بەساڵاچووی عێراقی

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، 30یه ئایاری 2023، چەکدارانی گروپێکی سەر بە سوپای نیشتمانیی سوریا نزیک لە تورکیا، لە گوندەواری سەرێ کانی، بە تۆمەتی وەرگرتنی حەواڵەیەکی پارە لەسەرچاوەیەکی “گوماناوی” دەستدرێژیان کردە سەر ژنێکی بەساڵاچووی عیراقی و لەگەڵ کچ و هاوسەرەکەی دەستگیر کران.

سەرچاوەیەک لە نێو هێزی ئەمنی سەر بە سوپای نیشتیمانی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بە گروپی سوڵتان موراد، هەڵیانکوتایە سەر کەمپێکی هەڕەمەکی لە دەوروبەری شارۆچکەی تەل حەلەف لە رۆژئاوای سەرێ کانی، دەستدرێژییان کردە سەر ژنێکی بەتەمەن کە بە رەچەڵەک عیراقییە، دواتر ئەو ژنە بەتەمەنە لەگەڵ هاوسەرەکەی و کچە 19 ساڵانەکەی دەستگیرکران.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە تۆمەتەکەیان “وەرگرتنی حەواڵەیەکی گومانلێکراوی پارەیە لە شاری حەسەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژیانی دەستگیرکراوانی عێراقی لەو ناوچانەدا لە ژێر مەترسیدایە، بەهۆی نەبوونی لایەنێکی پەیوەندیدار تاوەکو کار بۆ پاراستنی مافەکانیان بکات.

ئەو سەرچاوەی نێو هێزی ئەمنی، باس لەوەشکرد کە گروپی سوڵتان موراد، دەستگیرکراوەکانی رادەستی پۆلیسی مەدەنی نەکردووە بۆ لێپرسینەوە و دادگاییکردنیان، بەڵکو لە چوارچێوەی ناوەندە ئەمنییەکانی خۆیدا، لەژێر چاوی هەواڵگری تورکیادا دەیانهێڵێتەوە.