جوڵەی 139مین کاروانی سەربازی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لە کۆبانێ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنی تورکی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان، ئەنجامدا، کە 139مین کاروانی هاوبەشە لەنێوان هەردوولا لە ناوچەکەدا لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا لەسەر ئاگربەست لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.

لە دۆخی ئاساییدا و وەک رۆتین، رۆژانی دووشەممە کاروانە هاوبەشەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام  بە وتەی ئەفسەرێکی رووسی کە لە کاروانەکەدا بوو، بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاوە دواخرابوو بۆ ئەمڕۆ.

کاروانەکە کە لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی رووسی و تورکی پێکهاتبووە و دوو هێلیکۆپتەری رووسیی هاوەڵییان دەکرد، لە گوندی غەریب، 15کم لە رۆژهەڵاتی کۆبانێوە، بەڕێکەوتوون.

بە گوندەکانی “قەرەمۆغ، جەیشان، خەرابیسان تەحتانی، و باگدیک”دا تێپەڕیوون، تا گەشتنە گوندی خانا/بەندەرخان، لە گوندەواری رۆژئاوای گرێ سپی.

دوای ئەوە کاروانەکە گەڕایەوە بۆ خاڵی دەستپێکی خۆی لە گوندی غەریب.

ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندی غەریبەوە چوونەتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلە رووسییەکان گەڕاونەتەوە بنکەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەڕین لە باشووری کۆبانێ.

لە 22ی مانگی ئایاردا لایەنی رووسیا و تورکیا 138مین کاروانی سەربازی هاوبەشیان لە گوندەواری ڕۆژئاوای کۆبانی ئەنجامدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان