“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە سێهەمین کردەوەی دژ بە سوپای عێراق راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە کردەوەیەکی دژ بە سوپای عێراقی راگەیاند، لە پارێزگای دیالە، لە ناوەندی وڵات، ئەمەش سێهەم کردەوەیە کە رێکخراوەکە لەم هەفتەیەدا ئەنجامیدابێت.

ئاژانسی ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراو، راگەینراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەندامانی رێکخراوەکە توانیویانە بۆمبێکی چێنراو بە گردبوونەوەیەکی سوپای عێراقدا، لە گۆڕەپانی “مستەفا جواد” بتەقێننەوە، لە شارۆچکەی خالس لە پارێزگای دیالە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە بە هۆی تەقینەوەکەوە سێ ئەندامی سوپای عێراق برینداربوون، هەروەها زیان بەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی وەستاو لەو گۆڕەپانەدا کەوتووە.

بەر لە دوو رۆژ، رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای عێراق راگەیاند، لە ئەنجامدا دوو ئەندامی سوپاکە برینداربوون کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، لە شارۆچکەی مەنسورە لە باکووری بەغدا.

ئامادەکردنی: حاتەم بەشار – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان