“بەرەی نوسرە” پیرۆزبایی بردنەوەی سەرۆکایەتی تورکیا لە ئەردۆغان دەکەن
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیادا، دوای ئەوەی لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکاندا، لە کەمال کلیچدارئۆغڵوی کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی بردەوە.
ئەمەش لە راگەێنراوێکدا هات کە لەلایەن “بەشی کاروباری سیاسی” حکومەتی رزگاییەوە کە لەلایەن تەحریرشامەوە لە ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا بەڕێوەدەبرێت، بڵاوکرایەوە.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە: “هیوادارین ئەم سەرکەوتنە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاسایشی زیاتر بۆ گەلی تورکیا و پاڵپشتی لە دۆزی گەلی سوریا و شۆڕشەکەیان و بەهێزترکردنی رۆڵی تورکیا لە داکۆکیکردن لە ستەملێکراوان لە سەرانسەری جیهاندا”.
دوێنێ یەکشەممە، ئەحمەد یانار، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە ئەنقەرەی پایتەخت سازکرا، رایگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.