ئیسرائیل چەند خاڵێکی دەوروبەری دیمەشق بۆردوومان دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاڵەکانی هێزەکانی حکومەت و گروپە لوبنان و ئێرانییەکانی لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریا کردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی به ئاژانسی “سانا”ی راگەیاندووە: “کاتژمێر 11:45ی شەوی دوێنێ، دوژمنی ئیسرائیل لە ئاڕاستەی جۆلانی داگیرکراوی سوریاوە دەستدرێژییەکی ئاسمانی ئەنجامدا و هەندێک خاڵی لە دەوروبەری دیمەشق کردە ئامانج”.

بە وتەی ئەو سەرچاوە سەربازییە حکومییە، بۆردومانەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، “مووشەکەکانی ئیسرائیل، بە دوو شەپۆل، بنکەیەکی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی حکومەتیان کردە ئامانج، کە میلیشیاکانی حزبوڵای لوبنانی تێیدایە، لە ناوچەی حەفیرئەلفەوقا لە گوندەواری دیمەشق”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها ناوچەی “ئەلهامە” و ناوچەی “فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق”ی کردۆتە ئامانج، بەبێ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانەکانە گیانییەکان هەبێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب لە خزمەتگوزاری دەرچوو دوای بۆردومانێکی ئیسرائیلی کە فڕۆکەخانەکەی کردە ئامانج و ئەمەش دوو ڕۆژ پێش سەردانەکەی “ئیبراهیم رەئیسی” سەرۆک کۆماری ئێران هات بۆ سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی