هەواڵگری تورکیا 4 کەس لە حەسەکەوە بۆ نێو خاکی تورکیا دەگوازرێنەوە

حەسەکە – نۆرس پرێس

هێزێکی تورکیا بە هاوکاری سوپای نیشتمانیی نزیک لە ئەنقەرە، 4 لە دەستگیرکراوانی نێو زیندانی گرۆپی پۆلیسی سەربازی، لە شاری سەرێ کانی لە باکوری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان، بە دوو ئۆتۆمبێلی سەر بە هێزی هەواڵگری تورکیا بۆ یەکێک لە زیندانەکانی تورکیا لە شاری ئورفا گواستەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی بۆ نۆرس پرێسی  پشتڕاست کردەوە کە دەستگیرکراوەکان لە 18ی ئازاری رابردوودا، لە ماڵێک لە گوندی عەدوانیە لە گوندەوارەکانی سەرێ کانی، لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە تورکیا دەستگیرکراون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیرکراوەکان لەلایەن پۆلیسی سەربازییەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کراوە، لە لێکۆلینەکەدا ئاشکرابووە کە ئەو 4 کەسە لە ناوچەکانی شەدادە و هەجین لە رۆژهەڵاتی دێرەزوورەوە هاتوون بە مەبەستی پەرینەوەی لە سنوری تورکیا و گەیشتن بە ئەوروپا، بەڵام لە کاتی وەرگرتنی گوتەکانیاندا، لە راپۆرتەکەدا نوسراوە کە ئەم کەسانە “هەرەشەن لە سەر ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا و پلانیان بۆ ئەنجامدانی کاری تۆلەسەندنەوە داناوە”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، هەواڵگری تورکیا بە پشتبەستن بە راپۆرتی لێکۆڵینەوە، دەستگیرکراوەکان لە رێگەی دەروازەی سەربازیی سەرێ کانییەوە گواستووەتەوە بۆ زیندانێکی ئورفا، کە رەنگە بۆ ماوەی چەندین ساڵ تووشی سزادان ببن.

بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتییەکان، لە سەرەتای مانگی ئایاردا، 7 دەستگیرکراوە کە  لە نێویاندا 3 گەنجی کوردن، بە تومەتی “سەربە رێکخراوێکی تیرۆریستی” لە سەرێ کانیەوە بۆ نێو خاکی تورکیا گواسترانەوە.

لە پاییزی 2019 گروپە چەکدارەکانی سوریا بە پشتیوانی سوپای تورکیا هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوایی کوردستان، لەو کاتەوە ئەو دوو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆلی تورکیادان.