گەورەترین کۆنفرانسی پرۆژەی پێکەوەبەستنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە بەغدا

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، کارەکانی کۆنفرانسی “رێگەی گەشەپێدان” بەچاودێری سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و بە بەشداری نوێنەرانی 10 وڵاتی عەرەبی و هەرێمیی لە بەغدا پایتەختی عێراق دەستی پێکرد.

بەبەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەورووپا، کۆنفرانسی “رێگەی گەشەپێدان” لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا تاوتوێی ئەو لێکتێکەیشتنە سەرەتاییانە دەکرێت کە لەنێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمیی کراوە.

ئامانجی کۆنفرانسەکە گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیژی (کەناڵی وشکانی کە بەندەری فاو و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە).

هەر لەمیانی کۆنفرانسەکەدا کە تیایدا پرۆژه‌ی “رێگای گەشەپێدان” خرایه‌ به‌رباس کە رێڕه‌وی گواستنه‌وه‌ی وشكانیی و ئاسنینه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ توركیا، محه‌مه‌د شیاع سوودانی گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.

له‌ گوتاره‌كه‌یدا سوودانی ئاماژەی بەوەكرد، رێگای گەشەپێدان پڕۆژەیەکی گەورەیە کە کاری لەسەر کراوە بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كار، په‌ره‌پێدانی دارایی و زیاكردنی بەهای بەرهەمی گشتیی خۆماڵی و بەرهەمی گشتیی نیشتمانی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محه‌مه‌د شیاع سوودانی رایگەیاند، رێگای گەشەپێدان کە لە عێراقەوە بۆ تورکیا له‌رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی وشكانیی و ئاسنینه‌وه‌ درێژدەبێتەوە، دەرفەتێکی ئومێدبەخشە بۆ یه‌كتربڕینی مێژوو و کولتوور و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

سوودانی جەختی لەوە کردەوە رێگای گەشەپێدان شاده‌ماری ئابوورییە و دەرفەتێکی ئومێدبەخشە بۆ یه‌كتربڕینی مێژوو و کولتوور و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. باسی له‌وه‌شكرد، ئەو رێگاوبان و هێڵانه‌ی ئاسنین كه‌ لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا بنیاتنراون، ئاسانکاری له‌ گواستنه‌وه‌ی كاڵاكاندا ده‌كه‌ن.

لەبارەی پرۆژەکەوە، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ “رێگاکە بە سیازدە پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە ئەگەر رێگاکە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت؛ یەکەم، پێویستی بە دوو ساڵی زیاتر دەبێت لەگەڵ سەرووی دوو ملیاری دیکە بۆ تەواوکردنی، هەروەها پێویستی بە دەیان گەورە پرد و تونێل هەیە بۆ تێپەڕبوون بە دۆڵ و نێو چیاکاندا، بۆیە بە هۆکاری تەکنیکی، هێڵەکە بە ناوچەی دەشتایی تێدەپەڕێت. کاتێک رێگەکە پەنابەخوا لە ساڵی 2028 تەواوبوو، ئەوکاتە بە دڵنیایەوە نیاز هەیە هێڵەکە درێژببێتەوە بۆ هەولێر و سلێمانی بە رێگەی وشکانی و هێڵی ئاسنینەوە، تاوەکو لە موسڵەوە بەیەکەوە گرێ بدرێن و کاڵا لە رێگەی پەرپێدانەوە بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بەپێچەوانەشەوە”.

رێگەی پەرەپێدان، رۆژهەڵات بە رۆژئاوای جیهان دەبەستێتەوە، ساڵانە نزیکەی 4 ملیار دینار قازانجی دەبێت و 100 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، بەپێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی حکومەت، تائێستا سیما و نەخشەی هێڵەکە، لای هێڵی ئاسنینی عێراق روون نییە.