دوای داخستنی دەروازەی سێماڵکا.. نزخی بەنزین لە قامشلۆ بەرزبووەتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، خاوەنی بەنزینخانەیەک لە شاری قامشلۆ رایگەیاند، نرخی یەک لیتر بەنزینی (نایاب)ی سوری بۆ 8980 لیرەی سوری بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای داخستنی دەروازەی سنووری سێماڵکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، “بەردەوامی داخستنی دەروازەکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەنزین، بەمەش نرخەکەی بەرزدەبێتەوە بۆ زیاتر” بەتایبەتی کە ئەوان بەنزینی ئازاد لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن.
نرخی یەک لیتر بەنزینی سووری (نایاب) بەرزبووەتەوە بۆ 8980 لیرەی سوری، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری رابردوودا بە 7355 لیرە فرۆشراوە.
ئەمە سێیەم جارە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی بەنزین لە رۆژئاوای کوردستان بەرزدەبێتەوە.
نرخی بەنزینی ئازاد کە لە هەرێمەوە هاوردە دەکرێت، ماوە دوای ماوە لەلایەن کۆمپانیای سووتەمەنی بەڕێوبەری خۆسەریەوە دیاری دەکرێت، بەپێی نرخی دۆلاری ئەمریکی.
بەنزینی خۆماڵی لە وێستگەکاندا دەفرۆشرێت بەپێی ئەو کارتە ئەلیکترۆنییەی کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەریەوە بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی دیاریکراوە، نرخی یەک لیتریش بە 210 لیرەی سورییە، بەنزینی ئازاد بە 1250 لیرەی سوری دەفرۆشرێت.
لە یازدەی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سێماڵکا- پێشخابوور لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق وەستاوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێداویستی و خۆراک، لەنێویاندا شیری کۆرپەلە و کەرەستەی دیکەی بیناسازی وەک چیمەنتۆ.