لە شەڕ و پێکدادانی نێوان ئێران و تاڵیبان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند، پاسەوانێکی سنووری ئێرانی کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوەش لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، لەسەر سنوورەکانی پارێزگای سیستان و بەلوجستانی ئێران و ویلایەتی نەمرۆزی ئەفغانستان و ناوچەکانی نزیک گوندەکانی ساسولی، حاتم و حاتم و ماکی ڕوویداوە.
پۆلیسی ئێران تاڵیبانی بەوە تۆمەتبار کرد کە شەڕەکەی دەستپێکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پۆلیسی ئێرانی فەرمانی دەرکرد بە بوێری و پتەوییەوە بەرگری لە سنوورەکە بکەن و ڕێگە نەدەن کەس سەرپێچی بکات یان لە سنوور نزیک بێتەوە.
جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران وتی، نزیکەی کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی تاڵیبان لە لایەنی ئەفغانستانەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دراوسێیەتی، بە هەموو جۆرە چەکێکەوە دەستیان کرد بە تەقەکردن لە بنکەی ساسولی کە دەکەوێتە ناوچەی زابلی سنوری.
هۆکاری ئەو ناکۆکیانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان ئێران و حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان توندتربوونەتەوە لەسەر دابەشکردنی پشکی ئاوی ڕووباری هلمندە کە ئێران و ئەفغانستان بە 945 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیە.
ناکۆکییەکە سەبارەت بە پشکی ئاوی ئێران دەستی پێکرد و تا ساڵی 1972 لە نێوان تاران و کابوڵ بەردەوام بوو، لەوکاتەدا پەیماننامەیەک لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەسترا، بەپێی ئەو پەیمانە ئەفغانستان ساڵانە 820 ملیۆن مەتر سێجا ڕووبارەکە بداتە ئێران، بەڵام تەنها دوو ملیۆن سێجای دەستکەوتووە.