شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە بروسکە دەگاتە ناوچەکانی هەرێم و عێراق

هەولێر- نۆرس پرێس

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، لەرۆژی دوشەممەوە شەپۆلێکی باران بارین و هەورە بروسکە  ڕوو لەناوچەکانی هەرێم و عێراق دەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەین لە 29ی ئەم مانگە بۆ 31 ی مانگ شەپۆلێکی تری باران و هەورە بروسکە بەشێوەی تاوەو ناسەقامگیری کەشوهەوا و ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و عێراق بگرێتەوە.

شاڵاو هیدایەت ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئەنجامی کاریگەری سیستمێکی شێداری مەداری و پەڕینەوەی بەسەر دەریای سورو سعودیە بۆ سەر عێراق و ناوچەکەو بوونی بارستە هەوای ساردی جەمسەری باکور و شۆڕبونەوەی بەپلەی سەرەکی بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و دەریای سور کاریگەری شێی هەردوو دەریا لەسەر سیستەمە مەداریەکەو ناوچەکە، ئەمەش وادەکات شەپۆلەکە کاریگەری سەرەکی و پلەیەکی لەسەر سعودیە و رۆژئاوای عێراق هەبێت، دواتر بەپلەی دووەم ناوچەکانی تری عێراق و هەرێم.

ئەوەشی خستەڕو، لەمەودای شەپۆلەکەدا پلەکانی گەرما بەڕێژەی 1 تا 3  دادەبەزن، ئەگەری زیادبوونی خێرایی با لەکاتی تاوابارانەکان هەیە لەگەڵ بەرزبونەوەی ئاستی ئاو و لافاوی کتوپڕ لەهەندێک شوێنی نزمی دیارینەکراو.