پاریس.. زیندانیکردنی هاوڵاتییەکی فەرەنسا بۆ ماوە 14 ساڵ کە پەیوەندی بە رێکخراوی “داعش”ەوە هەبووە لە سوریا
هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، 26ی ئایاری 2023، دادگای تێهەڵچوونەوە لە فەرەنسا سزای 14 ساڵ زیندانی بەسەر “جیهادێکی فەرەنسی”دا سەپاند، دوای ئەوەی بە تاوانی هێرشی”تیرۆریستی” پەیوەست بە رێکخراوی داعش لە سوریا سزادرا.
دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس، سزای 14 ساڵ زیندانیکردنی “کێڤین گیاڤارش” ی تەمەن 30 ساڵ پشتڕاستکردەوە، بەو پێیەی ئەو سزایەی کە پێشتر لەلایەن دادگای خوارەوە بۆی دەرچووبوو، پشتڕاستکردەوە.
گیاڤارش گومان دەکرێت کە یەکێک بێت لە دامەزرێنەرانی سەرەکی داعش کە کاری کردووە بۆ ڕاکێشانی گەنجانی فەرەنسی بۆ شەڕکردن لە سوریا و عێراق.
هەروەها بە گوێرەی راپۆرتە ئەوروپییەکان، گیاڤارش ئاشنا بووە لەگەڵ بەشێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی تشرینی دووەمی 2015 ی پاریس.
بەگوێرەی هەمان راپۆرت، گیاڤارش چوار ساڵ لە سوریا لەگەڵ گروپی “فەتح ئەلشام” کاریکردووە، لە مانگی حوزەیرانی 2016 چووە تورکیا و لەوێ لەگەڵ هاوسەرەکەی دیپۆرتکرانەوە بۆ فەرەنسا.
هەمان دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سەلمای هاوسەریدا سەپاند، زیندانیکردنەکەی لە ماڵەوە دەبێت و لەرێگەی “ملوانکەیەکی ئەلیکترۆنی”وە چاودێری جموجۆڵەکانی دەکرێت.
نووسینگەی داواکاری گشتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە فەرەنسا پێی وایە ئەو سزایانەی کە لەلایەن دادگای پلە یەکەوە دەرچووە بەس نین، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دۆسیەکە دووبارە تانەی لێبدرێتەوە.