پێشنیارێکی بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنین لە دەریای سورەوە بۆ عێراق ئاشکرادەکرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ماجید قەسبی وەزیری بازرگانی سعودیە پێشنیارێکی بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنین لە دەریای سورەوە بۆ عێراق ئاشکرا کرد کە لەئێستادا لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی ئەو وڵاتەوە لێکۆڵینەوەی لەسەردەکرێت.

ماجید قەسبی لە وتارێکدا لە چوارچێوەی بەڕێوەچونی کۆڕبەندی ئابوری سعودیە-عێراق رایگەیاند، پێشنیارێک هەیە کە هێڵی ئاسنین لە سنوری دەریای سورەوە بەرەو باکور و عێراق دروستبکرێت، ئەم پێشنیارە ئێستا لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی سعودیەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

وەزیری بازرگانی سعودیە لە کۆڕبەندەکەدا ئاماژەی بەوەدا، عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و هەمو پێکهاتەکانی هەیە بۆ سەرمایەگوزاری سەرکەوتوو، هەربۆیە پێشبینیدەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ناوچەی نوێی لۆجستی لە بەندەری عەرعەر ڕابگەیەندرێت.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، وەزیری بازرگانی سعودیە ڕایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا گەشەی کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا کەمترە لە خواستەکان، سعودیە ئامادەیە توانا و زانیاریەکان بۆ بەرژەوەندی ریاز بەکاربهێنێت و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ بەغدا زیاتر بکات.