سەرۆکی پارتی کریکارانی تورکیا پێشبینی دەکات کلیچدارئۆغڵو گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەکان بباتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیا، پێشبینی کرد دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە بەرژەوەندی کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بێت و سەرۆک کۆماری ئێستا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنەکە بدوۆڕێنێت.
ئەرکان باش، لە میانەی لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، کاندیدی هاوپەیمانی جمهور، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە خولی یەکەمدا نەیتوانی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان بباتەوە، هەر بۆیە پەنای بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ سینان ئۆغان برد، چونکە ئەو تێگەیشت کە ناتوانێت بە تەنیا ئەم زۆرینەیە بەدەست بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەس ناتوانێت بڵێت دەنگەکانی ئۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا، دەیکات بە زۆرینە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، “حکومەتی داد و گەشەپێدان بۆ ماوەی 21 ساڵ بەتووندی کاریکرد، هەموو جۆرە درۆ و دەستکاریکردن و ساختەکارییەکیان بەکارهێنا و سوودیان لە هەموو ئاسانکارییەکانی دەوڵەت وەرگرت، جگە لە گەمارۆ خستنەسەر میدیایی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ناتوانن 50% تێپەڕێنن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، “سبەی کە کەمال کلیچدارئۆغڵو دەبێتە سەرۆک کۆمار، ئێمەی ئۆپۆزسیۆن زۆرترین پشتیوانی لێدەکەین، چونکە هیچ چاوەڕوانی و هاوپەیمانییەکی کەسی و حزبیمان نابێت، دەمەوێت هەموو ڕای گشتی ئەو راستیانە ببینن”.
یەکشەممەی داهاتوو، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەست پێدەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەقامی تورکیا و نێودەوڵەتیش بەووردی چاودێری هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی تورکیا دەکەن.