ئوردن و نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆیەکی فراوان سەبارەت بە سوریا ئەنجام دەدەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە گفتوگۆیەکی بەرفراواندا لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، هەوڵەکانی “چارەسەری سیاسی” بۆ قەیرانی سوریا تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر پرسی پەنابەران لە ژێر رۆشنایی دابەزینی پشتیوانی نێودەوڵەتیدا بۆ سوریا.
وەزیری دەرەوەی ئوردن لە دیدارەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە کەشێکی پێویست بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەرانی سوری بۆ وڵاتەکەیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سێشەممەی ڕابردوو، سەفادی لەگەڵ مارتن گریفیتس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و فریاگوزاری، فیلیپۆ گراندی، کۆمیساریای باڵای پەنابەران و گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا، لە جنێڤ، پرسی پەنابەرانیان تاوتوێ کرد .
سەفادی لەگەڵ گۆتێرێس باسی لێکەوتەکانی دابەزینی پاڵپشتی نێودەوڵەتی کرد بۆ پەنابەرانی سوریا، هەروەها رێکخراوەنێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کە یارمەتییەکانی پەنابەرانیان کەمکردنەوەتەوە لە ئوردن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی “بارگرانی” لەسەر ئوردن کە نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار پەنابەرانی سوری میوانداری دەکات، بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن.
سەفادی جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە پەنابەران، چونکە وڵاتانی میواندار بە تەنیا ناتوانن ئەو “بارگرانییە هەڵبگرن کە ئاڵنگاریی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت”، وەک خۆی دەڵێت.
لای خۆیەوە گۆتێرێس “رۆڵی مرۆیی گرنگ”ی بەرز نرخاند کە ئوردن لە میوانداریکردنی پەنابەراندا دەیگێڕێت، هەروەها قووڵایی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئوردنی دووپاتکردەوە لە هەوڵەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانی پەنابەران و لە زۆر بابەتی دیکەدا.
جگە لەوەش، سەفادی کورتەیەک لە وردەکاری هەوڵەکانی عەرەبی لە دوای کۆبوونەوەکانی جەددە و عەممانی خستەڕوو، بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو قەیرانە کە بە پێی پرەنسیپ هەموو لێکەوتە مرۆیی و ئەمنی و سیاسییەکانی هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکرێت، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان.