وادەی دەنگدان بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دیاریکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەێنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە، “بودجه له کۆتایدایه و لیژنەی دارایی پەرلەمان ئامادەیە بودجە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات بۆ دەنگدان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “یاساکە گرنگە و چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی تێدایە کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر واقیعی خزمەتگوزاری دەبێت”، ڕونیشیکردەوە، “لیژنەکە هەندێک بڕگەی زیادکردوە و هەموارکردوەتەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە دەوڵەت بەگشتی بکات”.

پەیوەست بە وادەی کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە پڕۆژەکە، حەلبوسی دەڵێت، “رۆژی شەممە 27ی ئایا ڕەشنوسی یاسای بودجە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت”.

شەوی رابردوو محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کرد دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجە لە دوایین کارەکانی دایە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە پرۆژەیاسای بودجە بداتە پەرلەمان.

سەبارەت بە وادەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: “پەنابەخوا رۆژی شەممە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە دەدات”.