سوپای ئیسرائیل: لە نێو خاکی سوریاوە تەقە لە فرۆکەیەکمان کراوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
سوپای ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە، 24ی ئایاری 2023، رایگەیاند، کاتێک فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەی ئیسرائیلی کە لە “ئەرکێکی رۆتینی” دابووە، لە نێو خاکی سوریاوە تەقە لێکراوە.
بەشیک لە میدیا ئیسرائیلییەکان لە زاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلەوە بڵاویانکردەوە، لە ناوچەیەکی نزیکی بەرزاییەکانی جۆلانەوە لە دیوی سنوری سوریاوە تەقە لە فرۆکە ئیسرائیلەکە کراوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەلێت، دوای رووداوەکە سوپای ئیسرائیل بە ئاراستەی شوێنی تەقەکردندا بەرپەچی دایەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، رووداوەکە هیچ زیانێکی نەبووە و فرۆکەکە بەردەوام بووە لە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی ناوچەکەدا.
هاوکات هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن لایەنی دیمەشقەوە نەبووە.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لە باشووری سوریا رووداوی بەرکەوتن لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپە لایەنگرەکان روویداوە، ئەمەش وایکرد کە ئیسرائیل چەندین جار یەک لە دوای یەک بنکەکانی چەکدارانی “ئێران و حیزبوڵای لوبنانی” لەو ناوچەدا بۆردمان بکات.
سوپای ئیسرائیلی ناوبەناو لە رێگەی فرۆکەوە بڵاوکراوەکان لە ناوچەکانی باشوری سوریا دەخاتە خوارەوە و هۆشداری دەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانی و گروپەکانی نزیک لە ئێران.