بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی داخستنی دەروازەی سێماڵکا – پێشخابوور
قامشلۆ – نۆرس پرێس
پاش داخستنی دەروازەی سێماڵکا، کە تاکە ڕێڕەوی هاوردەی چیمەنتۆ بۆ ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر، نرخی چیمەنتۆ لە رۆژئاوای کوردستان بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڵێندەرێک لە قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا، نرخی یەک تۆن چیمەنتۆ لە 91 دۆلارەوە بۆ 165 دۆلار بەرزبووەتەوە.
لە یازدەی مانگی ئایارەوە هاتوچۆی بازرگانی لە دەروازەی سێماڵکا- پێشخابوور لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق وەستاوە، لەوبارەشەوە دانوستانەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی.
لەکاتێکدا کرێکارانی بازاڕی قامیشلۆ رایانگەیاندووە، بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە ژمارەیەکی زۆری پرۆژە بیناسازییەکان وەستاون، ئەمە جگە لەوەی کورتهێنان لە چیمەنتۆدا لە بازاڕەکاندا هەیە.