“ئەرکانی ئیسرائیل” هەڕەشەی ئەگەری کردەوەی سەربازی لە دژی ئێران دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی ئایاری 2023، ئەرکانی گشتیی ئیسرائیل، پێشهاتە نەرێنییەکانی سەبارەت بە “دۆسییەی ئەتۆمی ئێران” ئاشکرا کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم پێشهاتە نەرێنیانە دەتوانن ببنە هۆی ئەگەری کردەوەی سەربازی دژی ئێران.

هێرتسی هێلڤی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسی هرتسلیا بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیجی گوتی: “پێشهاتی نەرێنی سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی ئێران هەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کردەوەی سەربازی.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر پێشکەوتنی بەدەستهێناوە لە پیتاندنی یۆرانیۆمدا و ئێمە لێی دەڕوانین و دەڵێم پێشهاتە نەرێنییەکان لە ئارادان کە دەتوانن ببێتە هۆی کردەوە”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە توانای لێدانی ئێرانمان هەیە، بێباک نین لەوەی ئێران لەچواردەورمان چی دروستدەکات و ئەستەمە تارانیش بێباک بێت بەرانبەر ئەو رێگەیەی ئێمە دەیگرینە بەر”.

هەر لەو پێوەندییەدا، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە، 22ی ئایار، هەڕەشەی لە ئێران کرد، ئەگەر بڕیار بدات رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرز بکاتەوە، ئەوا باجێکی قورس دەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزی گفتوگۆن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە رژێم لە تاران دەبێت بزانێت کە ئەم هەنگاوە باجێکی قورسی دەبێت.

بەپێی رۆژنامەی ئیسرائیلی “زە ​​جیرۆزالیم پۆست”،  گاڵانت دوو هێندەبوونی هێرشەکانی سەر ئێرانی لە سوریا ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی چەند مانگێکدا، ژمارەی هێرشەکانی سەر ئێران لە سوریا دوو هێندە زیادی کردووە.