بەڕێوبەری خۆسەری و شاندێکی بەلجیکی پرسە “سیاسی و ئابووری”ەکان تاوتوێ دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، شاندێکی ئەوان دۆخی سیاسی و ئابووری سوریایان لە برۆکسل، لەگەڵ شاندێکی بەلجیکی تاوتوێ کردووە.

ماڵپەڕی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری بڵاویکردەوە کە شاندی بەلجیکا سەرجەم نوێنەرانی ئەنجومەنی شارەوانیەکانی “برۆکسل و لیج و لوفان و هێرزل”ی لەخۆگرتبوو، جگە لە نوێنەری بەشێک لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و سیاسەتمەداران و “دەروێش فەرحۆ” بەرپرسی ئینستیتیوتی کوردی لە بەلجیکا، و دکتۆر “عبدالکریم عومەر” نوێنەری بەڕێوبەری خۆسەر لە ئەوروپا، و خاتوو هۆزان خەلیل، نوێنەری بەڕێوبەری خۆسەر لە وڵاتانی بینێلۆکس.

بەگوێرەی ماڵپەڕی بەڕێوبەری خۆسەری، لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوری و مرۆییەکان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەڕێوبەری خۆسەر کراوە، جگە لە ئاڵنگاری تیرۆر، هەروەها پێویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هەموو ئەو پرسانە.

هەر بەگوێرەی مەڵپەرەکە، رێککەوتن کراوە لەسەر داڕشتنی پلان و بەرنامە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی رۆژئاوای کوردستان کە پەیوەندییان بە تەندروستی، ژینگە، پەروەردە، ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنییەوە هەیە، ئەمە جگە لە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان زانکۆ و شارەوانییەکانی بەلجیکا و رۆژئاوای کوردستان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: تەیسیر محەمەد