لیژنەی شارەوانییەکانی حەسەکە بڕیاری لابردنی سەرجەم “کۆشکەکانی فرۆشتن” دەردەکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

لیژنەی شارەوانی و ژینگە لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا تا یەکی مانگی تەمموزی داهاتوو سەرجەم “کۆشکی فرۆشیار”یەکانی شارەکە دابخرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، رۆستەم بەکر، هاوسەرۆکی لیژنەی شارەوانی و ژینگە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بڕیاری لابردنی ئەو کۆشکانە لەبەر ئەوە بووە، چونکە لە شوێنە نایاساییەکاندا دانراون، “بەو پێیەی دەبنە هۆی ئاژاوە و کۆکردنەوەی زبڵ و کەڵەکەبوونی خۆڵ لەسەر شەقامەکاندا”.

سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئەو کۆشکانەی کە لادەبرێن، بەکر رایگەیاند “هیچ قەرەبووکردنەوەیەک نییە، چونکە لە بنەڕەتدا لە شوێنی هەڵەدا دانراون”.

لەسەرەتای ساڵی 2019وە لیژنەی شارەوانی و ژینگە لە حەسەکە بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ لابردنی کۆشک و دوکانە سەرپێچیکارەکان، کە لەسەر شۆستەکان دروستکرابوون، یان لە هەندێک شوێن کە زەویەکانیان سەر بە شارەوانییە، بەڵام بڕیارەکە نەکەوتە باری جێبەجێکردنەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: تەیسیر محەمەد