درۆنێکی تورکیا ماڵێکی لە سنوری شنگال بۆردومان کرد
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، درۆنیکی تورکیا ماڵێکی لە گوندی خەلەفی سەر بە ناحیەی سنوونێ لە سنووری شنگال کردە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان قوربانی هەیە.
لە چوارچێوەی بۆردوومانە یەک لەدوائ یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانس و میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ماڵێکیان لە گوندی خەلەفی سەر بە ناحیەی سنوونێ لە سنووری شنگال، بۆردوومان کردووە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیاری ورد لەسەر زیانی ماڵی و گیانی بۆردومانەکە نییە، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ، کە بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندبوو، قوربانی کەوتووەتەوە.
وێنە دەستاودەستەکان، دیمەنی رووخانی تەواوی خانووەکە پیشان دەدەن.
لە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە، ئەمە دووەمجارە فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچەکانی شنگال دەکەن، رۆژی 16ـی ئەم مانگە فڕۆکەکانی تورکیا کۆمەڵگەی خانسۆریان لە سنووری شنگال بۆردوومانکرد، کە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.