کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق: ئامادەین هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەڕێوەببەین

هەولێر- نۆرس پرێس

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وەڵامی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئێمە ئامادەین سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكەش،  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌ و راپرسی كوردستان پێویست نابێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  وەڵامی نوسراوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی دایەوە کە لە رۆژی 5ی ئەم مانگەدا ئاڕاستەی كردبوو، سەبارەت بەوەی کە ئایا دەتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وەڵامەكەیدا بۆ دادگای فیدڕاڵی باسی لەوەكردوە، دەتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێكبخەن و سەرپەرشتیشی بکەن.

ئەمەش لەكاتێكدایە دوای گرژیەكانی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان و دواخستنی كۆبونەوەكە لەلایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانەوە، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بەبەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی لەلایەن فراكسیۆنی پارتی و پێکهاتەکانەوە كارا كرایەوە.

بەگوێرەی وەڵامەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ دادگای فیدڕاڵی، پێویست بە كاراكردنەوە و بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌ و راپرسی كوردستانەوە نابێت، بەڵكو كۆمسیۆنەكەی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەدەبات.