چاوشئۆغڵو: بەهەماهەنگی لەگەڵ “ئەسەد” پەنابەرانی سوریا دەگێڕینەوە بۆ وڵاتەکەیان
دیمەشق – نۆرس پرێس
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دەربارەی پرسی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا بۆ زێدی خۆیان رایگەیاند، کە مامەڵە نەکردن لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد بۆ ئەم دۆسیەیە “هەڵەیە”.
ئەمەش لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا هات کە لە پەخشی کەناڵی “خەبەر تورک”دا بڵاوکرایەوە، تیایدا باسی لە پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا کرد لە تورکیا، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە، کە ئاوارەکان تێیدا بوون بۆ مادەی پڕوپاگەندەی ئەو هەڵبژاردنە.
چاوشئۆغڵو گوتی “هەڵە دەبێت ئەگەر ئەوان (پەنابەران) بنێرنەوە بەبێ هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئەسەد”.
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەنێویاندا یەکێتی ئەوروپا کرد بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و پشتیوانیان بکەن.
چاوشئۆغڵو نیازی وڵاتەکەی بۆ ناردنەوەی زیاتری پەنابەرانی سوریای بۆ ئەو شوێنەی کە ناوی دەنێت “ناوچەی سەلامەت” راگەیاند، لە ئاماژەیدا بەو ناوچانەی کە لەگەڵ گروپەچەکدارە دڵسۆزەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵیان دەکەن.
بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، “لەوێشەوە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەسەددایە دەست پێدەکات”.
چاوشئۆغڵو لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە سەختی گێڕانەوەی 100%ی پەنابەران کرد بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام گوتی “دەیاننێرینەوە، بە هاوکاری ئەسەد زۆربەیان دەنێرینەوە”.
لە گوتووێژەکانی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، ئێران، سوریا و تورکیا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لە 10ی ئایاردا لە مۆسکۆ، هەردوولا بە تایبەتی باسیان لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا و چەندین بابەتی دیکە کردووە.