ئاسایشی هەرێمی کوردستان باندێکی ساختەکردنی دراو دەستگیردەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
دوینێ یەکشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هێزەكانیان لەسنوری ئیدارەی راپەڕین باندێكی ساغكردنەوەی دراوی ساختەیان دەستگیركردوە و دەستیشیانگرتووە بەسەر 18 هەزار دۆلار، كە ئەندامانی ئەو باندە دەیانویست لەبازاڕەكان ساغی بكەنەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش دەستكەوتنی زانیاری ورد لەسەر باندێكی ساغكردنەوەی دراوی ساختە، هێزەكانی ئاسایشی ڕاپەڕین رۆژی 10ی ئەم مانگە دو تۆمەتباریان بەناوەكانی ( ش ، م ، أ ) و ( ق ، م ، أ ) دەستگیركرد كە دانیشتوی هەرێمی كوردستانن”.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە،”لەو هەڵمەتەدا هێزەكانی ئاسایش دەستیانگرت بەسەر بڕی 18 هەزار دۆلاری ئەمریكی ساختەدا كە تۆمەتبارەكان مەبەستیان بوە لەناو هەرێمی كوردستان ساغیبكەنەوە.”
ئەوەشیان باسکردووە کە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا، دەستگیراوە بەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر و چەكێكی جۆری دەمانچەی بێ مۆڵەت، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباران بە ماددەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.