“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی عەشایەری سەر بە سوپای عێراق لە ئەستۆ دەگرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، داعش لە رێگەی لقەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنی دژی حەشدی عەشایەری کە سەر بە سوپای عێراقە ،گرتە ئەستۆ، کە لە ئەنجامدا ئەفسەرێک و هاوەڵێکی کوژران و دوو لە ئەندامەکانیش لە باکووری بەغداد برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی ئەعماق کە نزیکە لە رێکخراوەکە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “چەکدارەکانی رێکخراوەکە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرکردەیەکی حەشدی عەشایەری سەر بە سوپای عێراق لە گوندی ئەلبو خەلیفە سەر بە قەزای تارمییە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵمەتەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەفسەرێک و هاوەڵەکەی، جگە لە برینداربوونی دوو لە ئەندامەکانی.

رۆژنامەی ئەلکترۆنی ئەلنەبا کە نزیکە لەو رێکخراوە، لە زاری ئاژانسی ئەعماق بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو شەش ئۆپەراسیۆنی رێکخراوەکە لە عێراق ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا 20 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کوژراون و برینداریشی لێکەوتۆتەوە.