موحسین مەندەلاوی : هەموو لایەنە سیاسیەكانی عێراق هاوڕان لەسەر پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی

هەولێر – نۆرس پرێس

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند، هیچ كێشەیەك نییە كە ڕێگری لە پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق بكات.

موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، کە هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر پەسەندكردنی ئەم یاسایە و بەپێی ئەوەی لەسەری ڕێككەوتوون، ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەدا دەنگ لەسەر یاسای بودجە دەدات.

دوێنێ شەممە، كۆبوونەوەیەك لەنێوان جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و  سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی مادەكانی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی (2023، 2024، 2025) ئەنجامدرا.

لە بەیاننامەیەكدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەوڵ بۆ بەرهەمهێنان و پێگەیشتنی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجە بە شێوەیەكی وریا دەدات، بەو پێیەی بۆ سێ ساڵی داراییە و ئەندامانی لیژنەكە دەنگدانیان لەسەر زۆربەی مادەكانی یاساكە تەواو كردووە.