لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی خۆپیشاندانیان دژ به سه‌درییه‌كان راگه‌یاند
سلێمانی-نۆرس پرێس
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا ده‌كات سبه‌ینێ له سه‌عات 5ی ئێواره له به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وز “بۆ به‌رگریكردن له ده‌وڵه‌تی عێراق” خۆپیشاندان ئه‌نجامبدرێت.
هه‌ماهه‌نگی له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بڵاویكردوه‌ته‌وه، رایگه‌یاندوه، “داوا له‌سه‌رجه‌م گه‌لی عێراقی به ته‌واوی پێكهاته‌و هه‌ڵسوڕاوه خێڵی و ئه‌كادیمی و رۆشنبیرییه‌كانی ده‌كه‌ین، خۆیان بۆ خۆپیشاندانێكی هێمنانه ئاماده بكه‌ن به مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی خۆیان كه به خوێنی هه‌زاره‌ها شه‌هید كۆڵه‌كه‌كانی راگیراوه.”
له به‌یاننامه‌دا ئه‌وه رونكراوه‌ته‌وه، “له پێناو وه‌ستانه‌وه به‌ڕوی دیكتاتۆری و داگیركردن و تائیفی و تیرۆری داعش” ئه‌و خۆپیشاندانه ئه‌نجامبدرێت.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، هۆكارێكی تری ئه‌و خۆپیشاندانه “په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌مدواییه‌یه كه كوده‌تایه‌كی گوماناوی و رفاندنی ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت و سوكایه‌تیكردن به دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌كان و هه‌ڵته‌كاندنی پرۆسه‌ی دیموكراتی لێ به‌دیده‌كرێت”.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه‌ی رابوردو خۆپیشانده‌رانی لایه‌نگری سه‌در، دژ به هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه، كه زۆربه‌ی لایه‌نه شیعه‌كان له خۆده‌گرێت جگه له ره‌وتی سه‌در، له گۆڕه‌پانی ته‌حریر خۆپیشاندانیان ده‌ستپێكردو دواتر به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز رۆشتن و له ئێستاشدا له ناو بینای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا مانیان گرتوه.
دوای دو رۆژ له گرتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی سه‌دره‌وه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ رێبه‌ری ره‌وته‌كه گرتنی ناوچه‌ی سه‌وزی به “ئازادكردن” ناوبرد‌و داواشیكرد له خێڵه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی پشتیوانی‌یان بكه‌ن.
سه‌در له په‌یامه‌كه‌یدا رایگه‌یاند، “شۆڕشی عه‌فه‌وی ئاشتیخوازانه ناوچه‌ی سه‌وزی ئازادكرد، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی له عێراقدا به ئاگری سته‌م و تیرۆر و گه‌نده‌ڵی و داگیركاری و شوێنكه‌وته‌یی سوتاون.”
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، رێبه‌ری سه‌در هیوای خواست له‌ده‌ستچونی ده‌رفه‌تی زێڕینی یه‌كه‌می ره‌وته‌كه‌یان له 2016دا دوباره نه‌بێته‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كانی، به “ده‌رفه‌تێكی دیكه” ناوبرد بۆ “گۆڕانكاری له سته‌م و تاریكی و گه‌نده‌ڵی و تاكڕه‌وی و شوێنكه‌وتنی ده‌ره‌كی و پشكپشكێنه‌ی تائیفی”.
له به‌شێكی دیكه‌ی پهیامهكهشیدا، داوای له هه‌مو لایه‌ك كرد په‌یوه‌ستی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه بن، كه لایه‌نگرانی ده‌ستیانپێكردوه‌و جوڵه‌كه‌ی به راپه‌ڕینی حوسێن له دژی سته‌مكاران چواند.
موقته‌دا سه‌در، خاوه‌نی 73 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بو، له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپه‌یمانی سیاده‌ی سوننه‌كان هاوپه‌یمانی پێكهێنا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، به‌ڵام له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كانیان به‌و ئاراسته‌یه شكستپێهێنا.
له 15ی حوزه‌یرانه‌وه سه‌درییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كشانه‌وه‌و بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی‌یان كرد، شوێنی پهرلهمانتارهكانیشیان به په‌رله‌مانتارانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پڕكرایه‌وه.
ماوه‌ی سێ رۆژیشه ناوچه‌ی سه‌وز و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی ره‌وته‌كه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.