ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یۆنان بەڕێوەدەچێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، بنکەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یۆنان بۆ دەنگدان کرانەوە، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای ئەوەی ئابووری وڵاتەکە لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی توندی قەرزدەرە نێودەوڵەتی دەرچوو، ئەوانەی کە پارەیان بۆ رزگارکردنی وڵاتەکە لە کاتی قەیرانی داراییدا دابین کردبوو، کە نزیکەی دە ساڵە لەو وڵاتەدا درێژەی کێشا.

لەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆدا، زیاتر لە 9.8 ملیۆن هاوڵاتی یۆنانی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ.

دوو پاڵێوراوی سەرەکی لە هەڵبژاردنەکەدا هەن، ئەوانیش بریتین لە سەرۆکوەزیرانی نەریتخواز “کیریاکۆس میتسۆتاکیس”،  تەمەن 55 ساڵ، کە پێشتر لە بواری بانکدا کاری کردووە و لە زانکۆی هارڤارد خوێندوویەتی، هەروەها “ئەلێکسیس تیسیپراس” تەمەن 48 ساڵ، کە سەرۆکایەتی پارتی چەپی سیریزا دەکات و لە ماوەی ساڵانی پڕ لە گێژاو و قەیرانی دارایی وەک سەرۆکوەزیران کاری کردووە.

هەرچەندە “میتسۆتاکیس” لە راپرسییەکاندا بە شێوەیەکی بەردەوام پێشکەوتووە، بەڵام سیستەمی نوێی هەڵبژاردن کە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی رێژەیی دامەزراوە وا دەکات  کەبەدوور نەزانرێت، هەرکەسێک لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بە مەرجێک بتوانێت کورسی پێویست لە پەرلەمانی یۆنان دەستەبەر بکات کە 300 ئەندامە بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ ئەوەی بەدوای هاوبەشە یان هاوپەیمانیدا بگەڕێت.

براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سێ رۆژی بۆ دانوستان لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێک یان چەند لایەنێکی تر لەبەردەمدایە، ئەگەر لەمەدا شکستی هێنا، ئەوا لایەنی براوەی دووهەم بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت.

بە گوتەی ئاژانسەکان و چاودێرەن، لە هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی یۆناندا، پرسی کۆچبەران گەرمترین مژارە، ئەوانەی دژ بە بوونی کۆچبەرانن لەو وڵاتەدا، دەنگ بە کیریاکۆس میتسۆتاکیس و پارتە نیمچە راستەکەی دەدەن.

کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکی پارتی دیموکراسیی نوێ دەڵێ “لەسەر هەمان بیروبۆچوون بەردەوامدەبین کە دڵنیابین سنوورەکانمان دەپارێزین، ئەویش لە رێگەی سیاسەتی تووندوتۆڵی کۆچبەرییەوە. ئێمە وەکو حکومەتی پێشوومان سیاسەتی باوەشکردنەوەمان نییە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە بەتەواوی رێز لە بنەما بنەڕەتییەکان ناگرین”.

پارتی سیریزا، پارتی ئۆپۆزیسیۆنە بە سەرکردایەتیی ئەلێکسیس سیپراس، ئەو سەرۆکوەزیرانەی لە 2015 باوەشی بۆ کۆچبەران کردەوە، لە بانگەشەیەکی چڕوپڕی دژ بە پارتی دەسەڵات بوو.

سیپراس بەڵێن دەدات ئەگەر هەڵیبژێرن، سیاسەتێکی میانڕەوانە بەرامبەر کۆچبەران بگرێتەبەر و  بیرۆکەی ئەو دیوارەش پووچەڵبکاتەوە کە میتسۆتاکیس بەنیازە بەدرێژی 192 کیلۆمەتری سنووری لەگەڵ تورکیا تاوەکو 2026 تەواوی بکات.

ئەلێکسیس سیپراس، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی یۆنان دەڵێ “ئەو هاووڵاتییانەی لەبەردەم سندووقی دەنگدان لە دوا خولەکدا بڕیاردەدەن، بیر لە هەموو ئەو ناخۆشیانە دەکەنەوە کە پێیدا تێپەڕیون و دەڵێن؛ لێرەوە کۆتایی بەو تارماییە دەهێنین”.

لە ساڵی 2019ـدا و لە دوایین ساڵی حوکمی سیپراس 80 هەزار و 454 کۆچبەر و پەنابەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تا بەرەو دەسەڵاتی میتسۆتاکیسەوە دەڕوات، ژمارەی کۆچبەران کەمدەکات و لە 2022ـدا بۆ تەنیا 12 هەزار و 758  دابەزیوە.