بە بەشداری 20 هونەرمەند چوارەمین کۆڕبەندی هونەرە جوانەکان لە کۆبانێ کرایەوە
کۆبانێ – نۆرس پرێس
رۆژی شەممە، چالاکییەکانی چوارەمین کوربەندی ڕۆژاڤا بۆ هونەری پلاستیکی لە ژێر دروشمی پێکەوە بۆ ئەوەی هونەر بکەینە بەهاری دڵەکان لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوو.
رۆناهی حەسەن، جێگری دەستەی ڕۆشنبیری لەڕۆژئاوای کوردستان بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، بیست هونەرمەند لە شارەکانی، حەلەب، کۆبانێ، منبج، ڕەقە، حەسەکە، قامشلۆ و ناوچەکانی شەهبا بەشداریان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڕبەندەکە بەسەر دوو بەشدا دابەشکراون، یەکەمیان وۆرک شۆپێکی سیمپۆزیۆم لە شاری کۆبانێ کە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەڕێوەچوو کە لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێدەکات تا ڕۆژی هەینی داهاتوو بەردەوامی دەبێت.
بەشی دووەمی کۆڕبەندەکەش بریتیە لە ئەنجامدانی پێشانگای ساڵانەی هونەری پلاستیکی کە لە 28 ئایار تا 30 ئایار لەشاری قامشلۆ بەڕێوەدەچێت.
هەروەها حەسەن باسی لەوەشکرد، کە ئامانجی کۆڕبەندەکە پشتگیریکردنە لە بەرەوپێشبردنی هونەری پلاستیکی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لێژنەی هەڵسەنگاندن aەرهەمی 20 هونەرمەند لە کۆی 40 هونەرمەند هەڵدەبژێرێت بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کۆربەندەکە.