منداڵەکەی کۆبانێ دوای 40 کاتژمێر لە نێو بیرەکەدا گیانی لەدەستدا
کۆبانێ – نۆرس پرێس
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی کۆبانی بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 20/5/2023، منداڵە 3 ساڵانەکە بە ناوی میرال بەکر، پێش دەرهێنانی لە بیرەکە بە 24 کاتژمێر گیانی لەدەستدابوو.
پێنجشەممەی رابردوو ،میرال کەتبوو بیرێکی 18 مەتری، دوای 40 کاتژمێر تیمەکانی شارەوانی کۆبانێ توانیان میرال دەربهێنن.
راپۆرتی پزیشکی دادوەری ئاماژەی بەوەکردووە، کە منداڵەکە دوای 15 کاتژمێر لە کەوتنی بۆ نێو بیرەکەدا گیانی لەدەستداوە.
عەلی حاج ویسۆ، کەسوکاری کچە بچووکەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هەوڵەکانی رزگارکردن تاوەکو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، تیمەکانی رزگارکردن ویستیان لە رێگەی ناردنی چەند منداڵێک بۆ نێو بیرەکە میراڵ رزگار بکەن، بەڵام بەهۆی بەرتەسکی بیرەکەوە سەرکەوتوو نەبوون.
تیمەکانی شارەوانی کۆبانێ، تونێلێک و بیرێکی دیکەیان لە تەنیشت بیرە سەرەکییەکە هەڵکەند، ئەم بژاردەیە سەرکەوتبوو بەڵام، کاتێک کە میراڵ کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانی ئەمرۆ دەرهێنرا گیانی لە دەست دابوو.
حاج ویسۆ رایگەیاند، دوای دەرهێنانی، راستەوخۆ تیمەکانی مانگی سووری کوردی منداڵەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆبانێ بۆ زانینی رەوشی تەندروستی.
کەسوکاری قوربانییەکە دەلێن، نەبوونی ئامێر و کەرەستەی سەردەمیانە هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەی رزگارکردنی کچەکەیان بووە.