ئەردۆغان: نیازمان نییه‌ هێزه‌كانمان له‌ سوریا بكشێنینه‌وه‌

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی هەینی، 19ی ئایاری 2023، ئاشکرای کرد کە بەنیازنین هێزە سەربازیەکانیان لە سوریا بیکشێنەوە، جەختیشی لە بەردەوامیی بوونی سەربازی تورکیا لە باکووری سووریا کرد.

 ئەردۆغان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن گوتی: “بیر لە کشانەوەی سەربازانی تورکیا لە سوریا ناکاتەوە، چونکە هەرەشەی تیرۆریستی بۆ سەر وڵاتەکەی هێشتا لەئارادایە”.

لە میانی دیدارەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، “تاکە هۆکاری هەبوونی سەربازیمان لە سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، زیاتر لە 900 کیلۆمەتر سنورمان لەگەل سوریا هەیە، لەودیو سنوور هەرەشەی تیرۆریستی هەمیشەیی لەسەر وڵاتەکەمان هەیە”.

لەلایەکی دیکەوە ئەردۆغان رایگەیاند کە “وڵاتەکەی گەرەنتی گەرانەوەی پەنابەران بۆ سوریا دەکات، هەروەها ئەنقەرە پرۆژەی ئامادە کردووە بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سوریا، بۆ گەرانەوەی نزیکەی 1 ملیۆن پەنابەر”.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوە قازانج نەویستەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکوری سوریا یەکەکانی نیشتەجێبوون دروست دەکەن بۆ ئەوەی پەنابەرەکان لە تورکیا بتوانن بگەرێنەوە وڵاتەکەیان.