سەرۆكی ئۆكرانیا داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات کە سەردانی ئۆكرانیا بكات

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ ڤۆڵۆدمیر زیلێنسکی سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەدا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات كردەوە و زیلێنسکی داوای لە سودانی كرد کە سەردانی كیێڤ بكات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ جددەی سعودیە و لەپەراوێزی بەشداریكردنی لە 32ەمین كۆبونەوەی لوتكەی عەرەبیدا، لەگەڵ ڤۆڵۆدمیر زیلێنسکی سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبۆوە و لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئۆكرانیای کردەوە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی گرتنەبەری شێوازی دیپلۆماسی و پێدانی دەرفەت بۆ گفتوگۆ بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە لە ئۆكرانیا و بەرقەراركردنی ئاسایش و ئاشتی لە جیهاندا كردەوە و داوای كرد کە هەموان لە پەرەسەندن و توندوتیژی زیاتر دووربکەونەوە.

لای خۆیەوە سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بە پەرۆشی وڵاتەكەی كرد بۆ پەرەپێدانی هاوكارییەكانی نێوان بەغدا و كیێڤی کردەوە و هەروەها بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەکات کە سەردانی ئۆكرانیا بكات.

ڤۆڵۆدمیر زیلێنسکی ستایشی ڕۆڵی سەرەكی عێراقی لە ناوچەكە و هەوڵەكانی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەی كردەوە.