ئەنجومەنی خوجێی کامپی روکبان سەرکۆنەی بڕیارێکی (رووسیا- سوریا – ئوردن) دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کامپەکەیان

دەرعا – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، “ئەنجوومەنی خۆجێی لە کامپی روکبان” بڕیاری وەزیرانی دەرەوەی سوریا، ئوردن و رووسیای بۆ هەڵوەشاندنەوەی کامپەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق، شەرمەزار کرد.

لە راگەێنراوەکەدا کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی خۆجێی لە کامپەکە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، “سەرکۆنەی بڕیارەکەی وەزیرانی دەرەوەی رژێمی سوریا و ئوردن و رووسیا دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی کامپی روکبان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زۆر بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی رژێمی سوریادان”.

راشیانگەیاندووە: ئێمە جەخت لەسەر مانەوەی کامپەکە دەکەینەوە و رەتیدەکەینەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی رژێمی سوریادان تا چارەسەرێکی ریشەیی بەدەست دێت و بڕیارنامەی 2254  جێبەجێ دەکرێت و میلیشیاکانی ئێران و رووسیا خاکی سوریا بەجێدەهێڵن.

“ئەنجوومەنی خۆجێی” بە توندی جەختیان کردەوە لە رەتکردنەوەیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و گەڕانەوەی سوریا بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، هەموو ئەو بڕیارنامە عەرەبی و نێودەوڵەتیانە رەت دەکەنەوە کە دەرکراون، کە هاوکاری حکومەتی دیمەشق دەبن، یان ئامانجیان پابەند نەبوونە بە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ژمارە (2254)وە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی