رووسیا: لە دوای هەڵبژرادنەکانی تورکیا، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان دیمەشق و ئەنقەرە دەستپێدەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست رۆژی پێنجشەممە، 18ی ئایاری 2023، رایگەیاند: “پێویستە چاوەرێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکرێت پێش ئەوەی وادەیەک بۆ کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دیاری بکرێت.
دوایین کۆبوونەوە لە مۆسکۆ لە 10ی ئایار، لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، ئێران، تورکیا و سوریا ئەنجامدرا، بە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەر ئالۆزیەکانی سوریا 2011.
چوار لایەنەکە لە داوی کۆبوونەوەی 10 ئایار، ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەکانی دیکە لە سەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە دەربری.
نوێنەری رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقا و میخائیل بۆگدانۆڤ، لە پەراوێزی کۆربەندی “رووسیا و جیهانی ئیسلامی” رایگەیاند کە “وادەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا، سوریا و ئێران سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق هێشتا دیاری نەکراوە، و پێویستە چاوەرێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بکرێت”.
28ی ئایار خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا ئەنجام دەدات، بۆ هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان (رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا و کەمال کلیچدارئۆغڵو). نێردەی رووسیا دەڵێت، دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، “جارێکی دیکە لەگەڵ هاوبەشە تورکەکانمان لە پەیوەندیدا دەبینەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان”.