داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرشی دژی سوپای عێراق راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمرۆ پێنجشەممە، 18ی ئایاری 2023، داعش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی دوو هێرشی دژ سوپای عێراقی لە دوو ناوچەی ئەو وڵاتە گرتە ئەستۆ.

 داعش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: “چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی کڵاشینکۆف ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسی فریاکەوتنیان لە نزیک ناوچەی تایهە، لە قەزای مقدادییە، لە ناوەڕاستی دیالە کردە ئامانج”.

داعس دەلێت، لە هێرشەکەدا دوو پۆلیس برینداربوون و زیان بە ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، داعش ئاماژەی بەوەکردووە، “لە ڕێگەی تەقاندنی بۆمبێکی چێنراو لەسەر رێگای خێرای قەزای بەیجی، کە کاروانێکی سوپای عێراق کردوە ئامانج، زیانی بە دوو ئۆتۆمبێلی سوپاکە گەیاندووە”.

سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتە ئەمنییەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی شانەکانی داعش، بەڵام لەم دواییانەدا، داعش هێرشەکانی دژی سوپای عێراق چڕتر کردووەتەوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجکردنی کاروانێکی سوپای عێراق لە قەزای دجلە رایگەیاندبوو.