کۆمکاری عەرەبی: گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆبوونەوەکان قۆناغێکی نوێی مامەڵەکردن دێنێتەئاراوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، حوسام زەکی، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، بە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، قۆناغێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی سوریا دەستپێدەکات.

لە میانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، کۆدەنگی لە کاتی کۆبوونەوەی ئامادەکاریی وەزاریدا، دیارترین تایبەتمەندی بوو سەبارەت بە هەموو ئەو بڕیارانەی کە پێشکەشی لوتکەی جەددە کران، کە بڕیارە هەینی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەشدا کە لێکتێگەیشتنی عەرەبی زۆر لەسەر کۆمه ڵێک پرس و بابەتی گرنگ هەیە.

زەکی گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسگەلێکی جۆراوجۆر کراوە، کە زۆربەیان سیاسین و پەیوەستن بە دۆزی فەلەستین و پێشهاتە جۆراوجۆرەکانی دۆخی ناوچە قەیراناویەکان و دەستوەردانی دەرەکیەوە لە کاروباری وڵاتانی عەرەبیدا، جگە لە پەسەندکردنی پاکێجێک لە بڕیارەکانی پێشکەشکراو لەلایەن ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی قۆناغێکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی سوریا دێنێتەئاراوە.

ناوبراو داوای پێویستی بە بەشدارییەکی بەرجەستەی عەرەبی کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەم وڵاتە عەرەبییەدا، هەروەها یارمەتیدانی سوریا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی کە لە ئەنجامی قۆناغی پێشوودا رووبەڕووی بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هیوادارین بڕیارەکانی لوتکەی عەرەبی پاڵنەرێک بێت بۆ کردەی هاوبەشی عەرەبی و هەوڵێک بێت بۆ بەشداریکردن لە یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی ئێستا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی