وەزیری تەندروستی عێراق: لەبەر سەلامەتی هاوڵاتییان سیستەمی دانانی نرخی دەرمان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە
هەولێر- نورس پرێس
وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە 10 رۆژی داهاتوودا سیستەمی دانانی نرخی دەرمان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانجیش لێی پاراستنی سەلامەتی ژیانی هاوڵاتییانە.
ئەمڕۆ سێشەممە ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بە رێککەوتن لەگەڵ نوێنەری سەندیکای دەرمانسازان و پەیوەندی نوسینگەی زانستی و سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران و راوێژکاری ئابوری، راوێژکاری تەندروستی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی لەبارەی ئاسایشی دەرمانەوە دەرکرد.
ئاماژەی بەوەشدا، رێنماییەکان بە ئامانجی رێکخستنی بازاڕی کاری سێکتەری دەرمان لە کەرتی تایبەتە بۆ دەستخستنی دەرمانێکی پارێزراوە بەگوێرەی مەرجەکانی وەزارەتی تەندروستی.
وەزیری تەندروستی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، لە 10 رۆژی داهاتوودا بریاری دانان و جێگیرکردنی نرخی دەرمان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەدواداچونیشی بۆ دەکرێت.
دەشڵێت، حکومەت و وەزارەتی تەندروستی سورن لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران کە مەبەست لێی پاراستنی گیان و ژیانی هاوڵاتییانە.