هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیان لە سوریا ئەنجامدا، 4 داعشیان دەستگیرکرد
رەقە – نۆرس پرێس
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، لە ئەنجامی دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمنیدا ئەمرۆ سێشەممە 16ی ئایاری 2023، دەستگیرکردنی چوار ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان لە رەقە راگەیاند.
جگە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و یەکینەکانی دژە تیرۆری هەسەدە، هێزەکانی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانیش بەشدارییان لەو دوو ئۆپراسیۆنەدا کردوە.
ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” دەڵێت: “یەکەم ئۆپەراسیۆن لە 13ی ئایاردا لە شارۆچکەی کەرامە لە رۆژهەڵاتی رەقە ئەنجامدرا، ئەوەش دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد.”
ئاماژەی بەوەشکرد، شانە دەستگیرکراوەکە، کارئاسانی بۆ جووڵەی چەکدارانی داعش لەنێوان پارێزگای رەقە و حەسەکە دەکرد، هەروەها چالاک بوو لە گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە کەمپی هۆل، بەرەو ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادان، لە سەر کانی و گرێ سپی.
ئۆپەراسیۆنی دووەم لە 14ی ئایاردا ئەنجامدراوە، کاتێک هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنیکی ئاسمانییان لە شاری رەقە ئەنجامدا، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا شانەیەکی چەکدارانی داعش کرا ئامانج کە دەستییان لە چەندین کردەی تیرۆرستی لە شارۆچکەی هەچین هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 3 ئەندامانی داعش دەستگیرکران، هەروەها “هەسەدە” دەستی بەسەر بڕێک کەلوپەلی سەربازی و تەکنیکیدا گرتووە، لەوانە چەک و مۆبایل، کە لەلایەن ئەندامانی داعش لە چالاکییەکانیاندا بەکاهێنراون.