کردنەوەی بەشێکی نەخۆشخانەیەکی گەورە لە دێرەزوور لە لایەن بەڕێوبەری خۆسەرییەوە

دێڕەزوور– نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، دەستەی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان لە دێرەزوور نەخۆشخانەی گەورەی “ئەلکەسرە”یان کردەوە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتییە دیارەکان و دانیشتوانی ناوچەکە.

لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا، کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە گەورەترین نەخۆشخانەی دێرەزوور دەستیپێکرد، توانا داراییە “کەمەکان” رێگربوون لە نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەکە، کە لە سێ نهۆم پێکهاتبووە، رووبەرەکەی هەشت هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بۆیە کاریان لەسەر نۆژەنکردنەوەی نهۆمێکی کرد (نهۆمی خوارەوە).

نەخۆشخانەی گشتی ئەلکەسرە لە ساڵی 2010 دامەزراوە، لە سێ نهۆم پێکهاتووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە ناوچەکە وێران بوو.

حەسەن ئەلعەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی ئەلکەسرەی گەورە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تاکە نەخۆشخانەیە کە دەکەوێتە سەر هێڵی رۆژئاوا، هەروەها خزمەتگوزاریی پزیشکی پێشکەش بە نزیکەی 400 هەزار کەس دەکات، لە ناوچەی ئەلجەزاراتەوە لە رۆژئاوا تا ناوچەی المعامل لە رۆژهەڵات.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکە خزمەتگوزاری ئەمبولانس و نەشتەرگەری و کلینیکی ئێسک و کلینیکی گوێ و لووت و قوڕگ دابین دەکات، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی تایبەت بۆ شتنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەکەدا هەیە.

نهۆمی خوارەوەی نەخۆشخانەکە کە 86 ژووری تێدایە، نۆژەن کرایەوە، تێچووی نۆژەنکردنەوەیشی 463 هەزار دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام هێشتا کەرەستەی تەواوی تێدا نییە، بەو پێیەی ئێستا نەخۆشخانەی گشتی ئەلکەسرە گواستراوەتەوە بۆ باڵەخانە تازە نۆژەنکراوەکە .

ئەلعەلی ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکە تەنها لەلایەن یەک رێکخراوەوە پاڵپشتی دەکرێت، کە لەبواری تەندروستیدا کاردەکات و تاکە سپۆنسەریەتی.

ئامادەکردنی: ئیمان ناسر –  داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان