“داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرشی دژ بە سوپای عێراق راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرشی دژ بە سوپای عێراق راگەیاند.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە لەگەڵ کاروانێکی سوپای عێراق لە نزیک گوندی “شەنف” لە ناوچەی “نەمرود”ی سەر بە قەزای دیجلە، پێکدادانیان کردووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو شەڕ و پێکدادانانە بوونەتە هۆی “کوژرانی سێ ئەندامی سوپای عێراق، و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، کە فەرماندەیەکیان تێدایە”.
لە راگەێنراوێکی دیکەدا، “ئەعماق” ئاماژەی بەوەکردووە، کە چەکدارانی رێکخراوەکە بە دۆشکە کاروانێکی سوپای عێراقیان لەسەر رێگای نێودەوڵەتی لە نزیک ناوچەی “ئەلسەکار” کردە ئامانج و زیانیان بە ئۆتۆمبێلێکیان گەیاندووە.
دوو رۆژ لەمەوبەر داعش لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لەخۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێنراو راگەیاند، کە بە کاروانێکی سوپای عێراقدا لە قەزای دیجلە تەقاندیانەوە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکیان لەناوبرد و ئەفسەرێک و سێ ئەندامی دیکەش برینداربوون (بە گوتەی ئاژانسەکە).