پایتەختی ئۆکرانیا روبەڕووی هێرشێکی موشەکی قورسی رووسیا دەبێتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرپرسانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا رایانگەیاند کە رووسیا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی سێشەممەدا هێرشێکی ئاسمانی قورسی “نائاسایی”ی ئەنجامداوە و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کرۆز و ئەگەری هەیە مووشەکی بالیستیکیش بەکارهینرابێت.

بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆدا، بەنزیکەیی لە سەرانسەری ئۆکرانیادا دەنگی ئاگادارکەرەوەکان دەبیستران و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر لە ئاسمانی کیێڤ و ناوچەکانی دەوروبەریشی بیستراون.

ئەم شەپۆلە مووشەکییە لەسەر کیێڤ هەشتەمین شەپۆلە لەم مانگەدا، کە لەلایەن مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدرێت.

بەڵام هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختییەکەی و بەکارهێنانی چەندین چەکی مووشەکییەوە بە “نائاسایی” وەسفکرا.

فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ڤالێری زالوگنی، گوتی: به گشتی 18 18 موشەکی ئاسمانی و وشکانی و دەریایی به جۆری جیاوازەوە بەسەر کیێڤی پایتەختدا بارین.

کیێڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 18 مووشەکە لەلایەن ئامرازەکانی بەرگری ئاسمانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیاوە تێکشکێنراون.

ڤیتالی کلیتچکۆی، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ رایگەیاند، کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی هێرشەکانی رووسیا ئاگری لە چەند ئۆتۆمبێلێک بەرداوە و زیانی بە باڵەخانەیەکی ناوچەی سۆلۆمیانسکی گەیاندووە لە رۆژئاوای پایتەخت و سێ کەسیش برینداربوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر