هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دوشەممە كۆشكی سپی رایگەیاند، جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەخۆشحاڵیەوە چاوەڕوانی كاركردنە لەگەڵ كاندیدی سەركەوتووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، کە جۆو بایدن بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی كاركردنە لەگەڵ هەركەسێك كە لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا سەركەوتن بەدەستبهێنێت.
لە لایەکی ترەوە، جۆن كیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە گەلانی توركیا كرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.
ئەمڕۆ دوشەممە ئەحمەد یەنەر، سەرۆكی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆگان 49.51% دەنگەكانی بەدەستهێناوە، كەمال كڵیچدارئۆغڵو 44.88% بەدەستهێناوە، و سینان ئۆگان 5.17% دەنگەكانی بەدەستهێنا.
ئاشکراشیکرد کە هیچ كام لەو سێ كاندیدە نەیانتوانی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنن، بۆیە هەڵبژاردنی خولی دوەمی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە 28ی ئەم مانگە لە نێوان ئەردۆگان و كلیچدارئۆغڵو بەڕێوەدەچێت.