“هەسەدە” دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی دیاری “داعش” لە حەسەکە رادەگەیەنێت

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی دیاری ڕێکخراوی داعشی راگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر یەکێک لە شانەکانی رێکخراوەکە لە ناوچەکانی باشووری گوندی حەسەکە لەرۆژئاوای کوردستان.

هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا رایگەیاندووە، کە “لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی توندا لەلایەن یەکە تایبەتەکانی هێزەکانمانەوە، کە هێزەکانی سوریای دیموکراتە، لە شارۆچکەی “دەشیشە”لە باشووری گوندەکانی حەسەکە ئەنجامدرا، لەو ماوەیەدا توانیان شانەیەکی داعش هەڵبوەشێننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەڕێگەی چاودێری ئاسمانی و پاڵپشتی زەمینی ئەنجامدراوە، بەو پێیەی توانیویەتی سەرکردەیەکی ناو ڕێکخراوی “داعش” دەستگیربکات، هەروەها کەسێکی دیکەی گومانلێکراویشی لەگەڵ بووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو سەرکردەیەی دەستگیرکراوە چالاک بووە لە ئەنجامدانی هێرش دژی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هێزەکانی هەسەدە و خەڵکی مەدەنی، هەروەها مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی گەڕان و پشکنینی ئەو ماڵەی کە تێیدا بووە، کۆمەڵێک چەک و بەڵگەنامەی سەلماندنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ رێکخراوەکەدا دۆزراونەتەوە.