بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانى ئەوروپا دەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
بەرهەمی خۆماڵیی جووتیارانی کوردستان، لە ڕێگەی کارگەیەکی ناوخۆییەوە، هەناردەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکرێت.
بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەوپاش جووتیاران خەمی ئەوەیان نییە کە بەرهەمەکانیان چۆن و لەکوێ ساغ دەکرێتەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ دەکات و کێشەیەی جووتیاران، چارەسەر دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی دامەزراندنی بە چەندین کارگەی ناوخۆیی داوە، کە دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەرهەمە خۆماڵییەکان بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە بنێرنە دەرەوە.
لە قەزای ئاکرێ، کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەت، بەرهەمەکانی جووتیاران دەخاتە نێو کیسە و کارتۆنی تایبەتەوە و ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکات.
برنج، سماق و تەحین وەک سێ بەرهەمی سەرەکیی خۆماڵی، بۆ هەناردەکردن ئامادەکراون و خراونەتە نێو بارهەڵگرێک بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بفرۆشرێت.
بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حکومەتی هەرێم پاڵپشتی جووتیاران دەکات و ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە و یەکێکیش لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم، بازاڕگەرییە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی.