دوای سەردانەکەی بۆ بەرلین.. زێلێنسکی سەردانێکی لەناکاوی بۆ لەندەن راگەیاند
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند کە سەردانی لەندەن دەکات و چاوی بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ریشی سوناک دەکەوێت بەمەبەستی”دانوستانی بنەڕەتی”، ئەمەش دوای رۆژێک لە سەردانەکەی بۆ بەرلین دێت.
زێلێنسکی لە تویتەر نوسیویەتی: “ئەمڕۆ – لەندەن، بەریتانیا پێشەنگە لە هاوکاریکردنماندا، کاتێک باس لە فراوانکردنی تواناکانمان دەکرێت لەسەر زەوی و ئاسمان و ئەم هاوکارییانە بەردەوام دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ریشی هاوڕێم دەناسم، ئێمە دانوستانی بنەڕەتی و رووبەڕوو لەگەڵ شاندەکان ئەنجام دەدەین”.
دوێنێ یەکشەممە، ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ ‘فرانک واڵتەر شتاینمایەر’ی سەرۆک و ‘ئۆلاف شۆڵز’ی راوێژکار لە یەکەم سەردانیدا بۆ ئەو وڵاتە، لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوپاسی پاڵپشتی ئەڵمانیای کرد.