کڵچدارئۆغڵو: بە تانەدان رێگری لە ژماردنی دەنگەکانمان دەکرێت
هەولێر – نۆرس پرێس
پاش دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە تانەدان رێگری لە تۆمارکردنی دەنگەکانی 300 سندووق لە ئەنقەرە و 783 سندووق لە ئیستەنبووڵ دەکرێت، “سندووق هەیە شەش جار تانەیان لێداوە و سندووق هەیە 11 جار لەسەر یەکدی تانەیان لێداوە بۆ ئەوەی بەربەست بخەنە بەردەم تۆمارکردنی دەنگەکان لە داتای گشتیدا”.
کەمال کڵچدارئۆغڵو دەڵێت “بەم کارەی کردوویانە، بەربەستیان خستووەتە بەردەم ئیرادەی گەل، واز لە چەواشەکاری بهێنن و رێگەبدەن دەنگەکان بگەنە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی ئەنجامەکان دیاری بکرێن/، چیدی چارەنووسی وڵات بەلاڕێدا مەبەن و بەرەو ئاقارێکی نادیاری مەبەن”.
بەربژێرەکەی هاوپەیمانی میللـەت داوای لە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد بەرپرسیاریێتیی خۆی بەجێ بگەیێنێت و “چیدی چاوپۆشی لەو رەفتارانە نەکات. بەڵگەنامەی واژۆکراومان لەژێر دەستدایە، رێگە مەدەن دەستی دەستی بە دەنگی خەڵک بکرێت”.
هەروەها داوای لە چاودێرانی سەر سندووقەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێ “بەهیچ شێوەیەک سندووقەکان و ناوەندی دەنگدان چۆڵ نەکەن تا ژماردن و جیاکردنەوەی دوایین دەنگ، ئێمە لێرەین”.
ئەمە لەکاتێکدایە دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامی بەرایی فەرمیی 91.93%ـی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو ئەنجامانەش هیچکام لە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستبهێنن.
ئەگەر ئەم ئەنجامە بەمشێوە بەردەوام بێت، ئەوا تورکیا دوای سەدەیەک پێدەنێتە گەڕی دووهەمی هەڵبژرادنەوە.