پاش 5 مانگ لە نەمانی ڤاکسین منداڵان.. ئێستا لە بنکە تەندروستیەکانی قامیشلۆ بەردەستە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ناوەندە تەندروستییەکانی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، بڕی پێویستی ڤاکسینی منداڵانیان وەرگرت، ئەمەش دوای پێنج مانگ لە نەمانی ڤاکسینەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئایاری 2023، سەرچاوەیەکی پزیشکی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە هەموو ڤاکسینەکانی منداڵان بەردەستن، لەوانەش ڤاکسینی MMR بۆ سورێژە و روبێلا و کۆکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێنجشەممەی رابردوو ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە و دەدرێت بە هەموو منداڵان، لە ئەمڕۆوە، لەناو بنکە تەندروستییەکانی شارەکەدا ڤاکسینەکان بەردەستن.

نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر، بنکە تەندروستییەکانی شاری قامیشلۆ، ڤاکسینی MMR بۆ نەخۆشی سورێژە، روبێلا و کۆکەی نەمابوو، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان ساڵ و نیوێکە.

ئەمە لەکاتێکسایە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەرچاوەیەکی پزیشکی بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، هۆکاری کەمبوونی ڤاکسین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو خاڵە پشکنینانەی کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە کۆنتڕۆڵ کراون رێگرن لە دەربازبوونی ڤاکسین بۆ ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕێکی کەم لە ڤاکسینی سورێژە و روبێلا لە نەخوشخانەکاندا ماون، بەڵام ڤاکسینی کۆکە  بە تەواوی لە نەخوشخانەکاندا نەماوە، نەخۆشی کۆکە مەترسی لەسەر ژیان دروست ناکات.